بە کاشییەکانمەوە
سەگێک
لە سەرمدا دەوەڕێ...سارد
ڕچاوە
لە مندا وەرز و
شەختەبەندانە خەیاڵم
سترانێک گەرم
رێ ئەپێوم
بە دەم خەیاڵێکی گەرمترەوە
[بۆنی سیگارێک
کەسێک دەهێنێتە ناوەڕۆکی ئەم شیعرە
کە بڕیارە بە فۆرمێکی ژنانەوە
بسرەوێ]
سەگێک لە سەرمدا دەوەڕێ
لە بیرم دانابەزێ
با بمێنێ
بە پرچمەوە... درێژەی با
درێژەی ئەم شیعرە
ئەگەر دەنگم نەگاتە تۆ،
دوور وەستاوی
چۆڵ
بە هەر ڕووبەرێکدا
ڕووخاوە
لە خۆمدا دامکە
بۆ ژەمی بێقەراری و
ئەم کاشییانە کە شینیان لێدەڕژێ...
*
کڵاو ئەبارێ و قاڵاو
کڵاو ئەبارێ و
قاڵاو ئەبارێ و
سووتووی تۆ بە کۆڵاندا بەرەو – با
بەرەو چاوەڕوانی
بەرەو لێواری حەوزێک
شین لە منداڵیم و
ماسییەک
کە لە دەنگما
سوور ئەیدرکێنم