لە خانووی یادگاری ئافرەتەکان
کیژۆڵەی هەتیوی دڵم
بێ مارەیی و بێ زەماوەند
رێگای ماڵی بێ ئەنجامی خۆی گرتە بەر
هەناسەیەک سەخت و سامناک
لە سەر لێوم مۆمی ئەوین ـ کز و خەمین ـ
.
.
حەزی لێوانلێو دەپشکوێ
کە سینگی نەرمم چوار گەڵا شێعری تیابوو
قامکێک ناخی خۆشەویستی هەڵئەکوڵێم
منیش بێئەوە بیناسم
بە بووکی هەزار ڕازی ناو خەڵوەتێکی نادیار
...
کەفەن کە سپیە
ئازیەتی بۆ ڕەشە؟
باوەش کە نەرمە
هەناسە بۆ ساردە؟
بووک کە نازدارە
ئازادی بۆ نەفرەتە؟
لە شەقامێکی ڕەش دوو چاوم لێ ونبوو
هەنارێک لە سەر لقێکی وشک داکەوت
سەمفونیایەک
لە خەونی منداڵ شیرینتر
لە ڕازیانەی دڵی دایک ڕەزاسووکتر
من ساڵەکانی بێ دایکیم بە ماچە جێماوەکانی لە سەر گۆنام ئەژیم
خانۆیەکی پڕ یادگارە ئەم دڵەم !!!
پەنجەکانم بە تاڵێکی درێژەوە هەڵواسراوە
منێک لە خۆمدا ونتر...
هەورێکی ڕەش لە پانتۆمیمێکا ئەسووڕێنێ
کوڕی مریەم
لە دارستانی تەنیایی
لە خاج ئەدرێ.
لە کتێبی (سەرخۆشترین دیکتاتۆر)