دیسان لەو سەرانەوە
لە گشت هەواڵنێرییەکانی جیهاندا
شەڕە و،
جیهان هەتا بووە
هەر ئەمە بووە؛
ئەو خەڵکەی وا دەمرن و
لەبیر دەچنەوە.
من لە دوو کاتدا
مرۆڤەکان لەبیر دەکەم:
یان بێن
یان بڕۆن...
لە کۆتایی گشت هەواڵەکاندا
ـ لە کۆتایی دوا هەواڵی شەڕەکان و
دوا دیمەنی کوژراوەکاندا ـ
کەشناسی
باسی هاتنی یەکەم بەفری ساڵ دەکا و
من دیسانیش بەرەو بەرزاییەکان ڕادەکەم...
(لە مندا گورگێک دەژی
کەوا بەبێ ئەو
شێتێتییەکانم دواییان دێ،
ئەمەش واتا
من هێشتا زیندووم).
سا لە مێژە من لێرەوە
ـ لەم بەرزاییانەدا ـ
چاوەڕوان بیر لەو دەکەمەوە:
گورگێک لە ڕەگەزی من
کەوا،
نە دێت،
نە دەڕوات!