من بۆ باران گریاوم
بۆ ئاگر سووتاوم
لە بەر ڕووناکیدا درەوشاومەتەوە
هەڵمداوە لە بەر باو و بووم بە خاک و بەردی بەر پێ زەوی
بۆیە دیار نیم
کەسیش بۆیە نامناسێتەوە!
گڤەگڤی با نەبێ هیچ نابیسترێ
هیچ نابینرێ بارینی باران نەبێ
بۆیە دایم دایکم لە بەر تیشکی خۆرەتاو و لە بەر گڕی ئاگرداندا، بەرانبەر خۆم هاوار دەکا: خوایە خۆزگە ڕۆلەی خۆم دەبینییەوە!
خۆڵ چۆن دەبێ بە قەبری خاک؟!
چۆن سەنگ دەبێ بە کێلی بەرد؟!
بۆیە بۆیان نانێژرێم
کێل و قەبریشم بۆیە هەر دیار نابێ
بۆیە دیار نیم
دایکیشم بۆیە نامناسێتەوە!