شعرها

صوت ها

ویدئوها

کتاب ها

من؛کە درێژەی پەلکەکانی دایکمم

لە گەرووما باڵندە و پڵەنگ
ئەزیڕێنم و
شاااار، کە پڕە لە ژنی نەبیستراو!
لە گەروما تفەنگ و شاخ
لە دەنگما خۆم:
ئەی ژنانی وەرزی کار و
وەرزی بار و
وەرزی دار و
وەرزی گریان
من ومەنفای ئەم شێعرە هیچ
من و خۆتان و زەمەنی پێکەنینتان لەبیر ماوە!!؟
*
ئەزنێم کە هەم
ئەنووسم کە ماوم
ئەچۆڕێمە لەشتانەوە و
ئەخزێمە نێو ئاگردانی لەبیرکراوی چاوتان
هاوار ئەدەم ، هاوار ئەنووسمەوە پێتان:
 لە گەروتانا باڵندە و پڵەنگ
لە برینی منەوە خوێنی ئێوە ئەتکێ و... تک...
تک...تک...تکایە سەیرمکەن
 چەنێ دونیا ئاسنە و سارد
 چەنێ زەوین بێ ژنە و  بێ جازیبە!!
*
هەموومان لە یەک سەنگەر بووین
تۆ ، من،  دایکم  ، کچەکەم  و کچی ئەویش و...
دایکم کە رۆژانە
ئارەقەی تاڵ بوو لە گەنمەجاڕدا و
شەوانەش گوڵێکی سیس 
بە کراسی  چێشتخانەوە
–دووگیان-
من هێشتا بە خەیاڵی نارنج گەرم و
بە روومەتی پەنجەرەوە سەرقاڵ
سەرقاڵ بە نۆمانگەی کچێکەوە
–دووگیان-
 بڕست و برسیەتیم  تێر ئەبوون لە قژەکانی دایکمەوە
گوڵەگەنم لە مێشکما و
گوڵ بووم هێشتا
کە بە ناوکی کچەکەمەوە قرتام و سەووز نەبوومەوە...
*
شەممەیەکیتر بوو
 ئەرێ من لە شەممەیەکی تەڕ ئەدوێم 
لە سەنگەر چۆڵ نین و شەممەکان کە قاقڕ ئەژین
 پیاوەکان لە گەروی ئەسپەکانا وەنەوز ئەدەن
ئەسپەکان ژن هاتنە دنیا
کاتێ دایکم کاتێ ژان دایگرت 
کاتێ ژان دایگرتم 
پیاوەکان چاویان لێبوو ئەیانحیلاند و
ئێوارە پێم دەوەڕی
پیاوەکان پێدەکەنین و چاویان بڕیبووە هەنارێک سوور سوور
ژنێک سوور سوور
دەشتێک سوور سوور
 تەنیا رووسەریە رەشەکەی دایکم نەبێ کە جێماوبوو
خوێن جمەی دێ بە دەورمدا
کچەکەم هەڵیئەدا
من هەڵدێنمەوە...
 لە گۆرانیەکانی دوای شەڕ ئەچم
هەڵدەپێچمەوە خۆما
با شەقام هەر تینوی خوێن بێ 
با شەو هەر سەودای ژن بێ
دایکم وتبوی :تۆ دوای من ئیدامەی پەلکەکانم بە شەوێ درێژەی بکێشە...
*
هەمیشە شتێ لە سەرما بەسەرما ئەڕوخێ
لە خەوما یاڵەکانم لە بەردەکان ئەسووم 
بەردەکان نەزۆکن
حیلە حیلێ خەوم ئەزڕێنێ
سەرم سەرچاوەی ژانە 
بەم عادەتەوە
بە دەم خەویشەوە خوێنم لاجانگم ئەخوسێنێ  
هەزار بەیانیش مەگیرانیم بێ
وێستگەیەک فریای هێڵنجم نەکەوێ 
 چاوم ئەبڵەق بێتە ئێوارە هەر درەنگ 
هەر ژیانی  مانگانە و
کرێ- کار و
کرێ ماڵ و
حاڵ و
 سێو و
 سوراو
 مانتۆ و
گۆشتی سوور و
سپی و پەمەیی و
مەیلەو ئاڵ... بە تامی ژن
ئەمەوێت دەست بگرمە بەر ئەم ڕۆژانە با کچەکەم گەورە نەبێ
 با نەگاتە تەمەنی بەندیخانە و 
مەیخانە و
کارخانە و
دەفتەرخانە…
خەریکم بەرە و مێینەیم درەخت ئەژیم و
هێشتا لە گەرووما باڵندە و پڵەنگ
ئەزیڕێنم و
شاااار، کە پڕە لە ژنی نەبیستراو!
لە گەروما تفەنگ و شاخ
لە دەنگما خۆم کە هاوارم بەرزە:
ژنانی بورژوایش
 لە ئاوێتەبوونی درەختەکان ئەترسن
 بزانن کانیەکان لە شەودا ئەزرینگێنەوە
هۆ ژنانی هەموو وەرزەکان!
ئەم شەویش پێکێ لە خەمەکان هەڵدەن
 بەیانی بیر لە گرفتەکان ئەکەینەوە
 بەیانیش هەر دوێنێ دەستی پێ کرد.

شیوه عبدالهی

شعرها

دشنه‌ی ماه بر فراز درختان تالاب در خواب است

دشنه‌ی ماه بر فراز درختان تالاب در خواب است

محمود بهرامی

سگ جان

سگ جان

کوروش جوان‌روح

روایت چوبه

روایت چوبه

امین رجبیان

کاج 

کاج 

ندا حاتمی