بە قیژەی منەوە
دەستی بە شێعر کرد
دایکم.
بە بڕینی ناوکم
ئازاریان کردەوە؛
وەک تەلارێک
کە بە ئومێدی هەناسەوە لێی سەرکەون!
نەیانزانی
من هەر دێم و باڵا دەکەم
ئازار لە منەوە دەچۆڕێ
برک بە برکی پشت و کەلەکەی دایکم
دەڕژێم
سەر بە بنباڵی هەڵپڕووزاوی
خۆشەویستییەوە دەنێم
چاوم ئەنووقێنم
لە هەڵفڕینی هەرچی شێعری نووستووە
دایکم دەچڕم
پڕ بە ئاسمانی وەڕەس بوونتان لە بێدادی
با هەڵفڕن
ئەو خەمانەی دایکم ئەیکردن بە پەلکە و
گرێی ئەدان بە ناوشانییەوە
تا دایکم مابێ
نایخەمە بەردەستی شێعرێک
کە خەو نامۆ کا بە پێڵووی
من
بە دیار پەلکەکانییەوە
شەونخوونی دەگرم
لە بێدەنگی ئەم شەوە شێعراویانەوە
ئاوەڵدوانەم وەدی دێنم لە ئازادی
و
دایکم دەسپێرمە کازێوە
باخی ئەستێرەکانیشی
دەکێشـمە ژێر پەردەیەکی شێعرینەوە
هەتاوی چاوی بانگ ئەکەم
بۆ سەر ئاسۆ
بە قیژەیەکەوە شێعر دادەگیرسێ
خەونەکانیشی لە ژێر پێڵوودا دەنێژێ
بەڵام خۆزگە کازێوەیی
خۆزگە هەر ڕوون!.