تا دڵەڕاوکەی کاشی ئاوی بم
لەتێکم بارانە
ئیتر قاڵاویش بڕبڕ قاوم کا
قاوم کا.
تەنگە لە بەرما ئەم کادرە
بریا ئەم دەسمە خامۆش کەین
ئەگەر بەردەوام بە تەقەڵبافەوە ئەڕژێ
/دیسان تا ئیتر
یافا کچێکە،خەریکە لایێکم ڕەش دەچێتەوە
«چۆن ئەم ڕیزە لە گلارە بژمێرم
ئێستا
خەونی گوڵێک ئەمبینێ
وا نەستەرەن
لە گلێنەی گشتیانا قاو ئەکا»
تا دڵەڕاوکەی کاشی ئاوی مە
ئەو ژنە ژنێکە.
چی کۆڵانە هیچ ئەیخوێنێ/نا
هیچ کۆڵانێ ناتخوێنێ.
با هەر بڵێن بۆ ؟
با، لە مشتێ ئاوا هەڵپێکین.
«تۆ.لە گەڵ تۆمە...
تکایە چاوت لەم وێنە داپۆشی
هێشتا هەناسەت ناوەڕۆکی دێڕێکە گردەڵە/یافا
ئەوەنە بانوو
دەبێ لە تاقچەوە دەس پێ کەی
ئێمە گشتمان درێژەی شیعرێکین
/بۆ خوا مەردم
ئەم دەسمە دابگرن
دەرەک لە کاشی
لە هەرچی ئاوی یە/وای
خەریکە دەگەینە ئەوپەڕی دێڕ
بۆ خوا
سەخڵەتە نغرۆبوون لە سپی دا
/ڕا مەکە بانوو...ڕاوەستە...ڕااا...بانوووو...
هاوشاری! هاتوو لە بەر شێوازی ئەم شیعرە
/بە دەگمەن
تووشم لە سپی نەبێتەوە
هاتوو لە بن ئێوارەدا نەستەرەن بن بگرێ
چۆن لە سەر کۆڵانا کووڕ ئەکەی؟
تا ڕەسمێ لە پرسیار بگۆڕین/نا
لە بان سەرتەوە ڕێکتر بە.
پێم سەیرە
چۆن لە گەڵ خۆتا هەڵ ئەکەی.
٭
باڵندە تەنیا باڵندەیێکە
لە دوای خۆم ڕەنگم کا
بەرد؛بارانە
شاعیریش هەر منم.
گەر لە پەناما هیچ گوڵێ نەڕچێ
/«ژینۆ»حەقایەتی وەختێکە
چی سوورە بەردەوام سپی بوون.
ئیتر تۆ مایتەوە و مشتێ لە ئاوی
نەستەرەن نا
بێتو دایکم لە هەوا بسڕینەوە
«ڕا»ی ئەو ماڵە ئەمگرێ
/بریا حەواڵەی کلدانێکت کەم
لە چەرمێنە تا ئێوارە بن بگری.
بڕوانە!
٭
کالسکە چاوێکە و لە چاوێکی ئەسپ ئەڕژێ
جل الخالق!
خەریکە «ئوستووا»لەتم کا
لەتێکمیش بارانە
بگرە قاڵاویش بڕبڕ قاوم کا
/بۆ خوا نەستەرەن لایێکم لێ بگرە
وای نەستەرەن بۆ خوا.
٭
دەنگ تەنیا دەنگێکە
نایێڵێ ئاوازێک لە بەرت مرم
حەقیقەتیش ئەو ساڵە وەک دەسمە
نە کەس دای ئەگرێ و
نە بێهوودە خامۆشە.
بەردەوام ئەترسم لە خڕەی تەقەڵباف
کوا بۆ داڕووخیان لە ڕووما دەروازە و.
کوا بۆ ئینسانێ
لەو پەڕی دێڕا
چرایێ سوور هەڵکا/یافا
شەرتە لە واژەی «ئیبراهیم»تا ئەوەندە دانیشم
یا هێڵەکان لە رووما ئەکرێنەوە
یا ئەوپەڕی: لە سنوورێکا بمنووسن
تەواو.