بە پاڵتاوێکی شۆڕ و
کەوشێک
گەڕاوتر لە ـ تر
هەر مەرگ
دڕاوتر لە ـ تر
هەر مەرگ
لە کەوشەنی خۆیدا
خۆرێک
کەسیرە ئەنیشێ
بە سێبەرانێ لە شۆڕشی مندا و
چاوێک
بە چاویلکەی دەلاقەکانتەوە هەڵئەواسرێ
کە پیاوێک
لە منا هاوارێکە وتراو:
ئاوەدان بێ جەننەتی جەنازەتان!
بێدەنگ بێ دەنگێک
لە دەلالەتی خۆیدا
خاپوور!
بێتوو شیعرەکانتان
نەسپێرنە حافزەی دارێک.
کە من
جارێک
پەلاماری جادە ئەمبا و
لە بڕستی با دا
دێمەوە گۆتان
کە با بە خۆمدا من دێ.
من لە خۆمدا وەیلان.
کە با بچم
بە بنەتای برینانێ لە ئێوەدا.
کە دابکەون
لە داوێنی شیعرما
ژنێک هەڵئەتۆقێ
لە تاقەتی مەرگا.
کە مەراقی مێینەی مردن
بە لێواری حافزەی خۆتدا
داکەی
تاکەی؟
با بێتوو
کەیلێک
لە کەلاوەی ئەم شیعرەدا
لەیلێک
لێڵتر لە ـ تر تۆ بووی
روونتر لە ـ خوەم
من
هەم.
وەک چۆن چۆلەکە
لە چریکەیەکا
دارێک ئەخولقێنێ و
وەک چۆن پەرەسیلکە
لە حافزەی دارتەلێکا
سەفەرێک دائەنێ
دائەنیشم
جارێک
لە حافزەی خۆمدا
دارێک.